انجمن مردمی پاریزەرانی ژینگه ی بانه – (پاژین )تاسیس 1378

پاژین

انجمن مردمی پاریزەرانی ژینگه ی بانه – (پاژین )تاسیس 1378

ئاگادار و پاڕێزەری ژینگە بین!

ئینسان، ژینگه ‌و ژیان

azizi-nvidi

له‌دوای ئه‌وتێكۆشانه‌ به‌رچاوه‌ی له‌ مێژووداله‌ لایه‌ن مرۆڤە ‌‌زه‌مینییه‌كانه‌ وه‌ كرا تاعه‌قڵی ئینسانی و كاری واقیعی بۆ ژیان له‌ ئاسمانه‌وه‌ بخه‌نه‌وه‌ سه‌ر زه‌وی چه‌ندسه‌ده‌یه‌ك تێده‌په‌رێ . واته‌ مرۆڤ و خواسته‌كانی له‌په‌راوێزی  واقعێكی چەقگرتووی ، وه‌همی ، میتافیزكییه‌وه بگوازنه‌ ناوه‌ندی حه‌قیقه‌تی ژیان. هه‌رئه‌و زه‌مینیانه ‌ماوه‌یه‌ك له‌ئه‌زموونی خراپه‌كاری و وێرانكارییه‌كانی خۆیان به‌ ناوی عه‌قڵ و مۆدێڕنە وە تێپه‌راند تابەم پێیە له‌ مه‌ترسییه‌كانی سه‌نتڕالیزمی ئینسانیش تێبگه‌ن. ده‌ستكاری كردن و گۆڕینی جیهان له‌ پێناو دۆزینه‌وه‌ی پرسیاره‌كانی و به‌دیكردنی پێداویستییه‌كانی ، پێویستی ئاوڕدانه‌وه‌ی  خێرای  له‌  ژینگه‌  وه‌ك  كانگای  مه‌ترسی  لێدراوی  ئه‌م  گۆڕانكاریانه‌ ده‌رخست. لێره‌وه‌بەشێکی زۆری ئینسان پارێزه‌كان له‌پاڵ پارێزگاری لە مرۆڤ ‌بوونه‌ ژینگه‌پارێز ، بەمانا مۆدێرن و ڕێکخراوەییەکی.

گه‌ر نه‌مانه‌وێت لەئاست سروشتدا كه‌متر بكه‌وینه‌ كایه‌سوزدارییه‌كانه‌وه کە دواجار بابه‌ته‌ كردارییه‌كان له‌ بیر‌كه‌ین ‌، ناچار ئه‌بێت باس له‌عه‌قلێكی عه‌مه‌لی بكه‌ینه‌وه ‌كه‌ تیایدا بینینی ده‌وروبه‌ری به‌ده‌ر له‌ مروڤ، یه‌كه‌م جار وه‌ك به‌شێك له‌ژیان و بوونی ئینسان خۆی بزانین . واته‌ بوونی ئینسان له‌ سروشتدا به‌ سروشتی بزانین. ئینسان وه‌ك سروشت سه‌یر بكرێت نه‌وه‌ك خوداوه‌ندێكی خاوه‌ن سروشت ، كه‌ بۆ  هه ر به‌ژه‌وه‌ندی و شێوازێك ئه‌و بیخوازێت كه‌ڵكی لێوه‌ربگرێت. ئه‌وه‌ی تائیستاشی له‌ گه‌ڵ بێت له‌ ناو هزری زۆرینه‌ ی تاكی كۆمه‌ڵگای ئێمه وه‌ك بڕوایه‌كی قایم كاری پێئه‌كرێت ئه‌و ناراستییه‌ مه‌زنه‌یه‌ كه‌ هه موو شتێك له‌ده‌ره‌وه‌ی ئینسان  به‌ ته‌نێا  له‌خزمه‌ت ئه‌و و هه روه‌ها مانابه‌خشین به‌ ژیانی ئه‌ودایه. ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ كه‌ بۆته‌ دروستبوونی بەشێکی گه‌وره‌ لەم قه‌یرانه‌ مەزنەی  كه‌ سروشتی گرتوته‌وه‌ ، بێ هه واڵ له‌وه‌ی كه‌ بەبێ ژیان كردنی سروشت، ژیانی ئینسانیش ئه‌سته‌م ئه‌بێت. به‌م پێیه‌ كاتێ سه‌یری ژیانی ئینسانی ده‌كه‌ین و به‌تایبه‌ت مه‌به‌ست ئه‌و ناوچه‌یە ‌ ‌كه‌ ئێمه‌ی تیاده‌ژین ، ده‌بینین بێ هۆ نییه‌ كه ژ‌ینگه‌ی ئینسانی ئه‌وه‌نده‌ له‌ مه‌ترسیدایه‌، چونكه‌ مرۆڤ و ژیانیشی له‌ مه‌ترسیدایه.‌ كه واته‌ گرینگیدان به‌ئینسان دواجار ئه‌توانێ گرینگیدان بێت به‌ سروشت، به‌ڵام هه وڵی تازه‌ به‌پێچه‌انه‌شه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات ، واته‌ له ‌سرووشته‌وه ‌به‌ره و‌ئینسان.

 ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه‌ مه‌به‌سته‌ باسی لێوه‌بكه‌م ئه‌و ئه‌زموونه‌یه‌ كه ‌له‌سه‌ره‌تاوه دركاندم ، ‌ هه وڵ و تێكوشانی کۆمەڵگای ئینسانی بۆ پاراستنی ژینگه‌ . دیاره‌ ئه‌مه‌ له‌ مێژوودا کەم وێنه‌یه‌. پێده‌چێت راستییه‌كه‌شی له‌وه‌دابێت كه‌ سروشت و ژیانه‌وه‌رانی هه رئیستا له‌ هه موو ساتێك زیاتر له‌ مه‌ترسیدان‌. تێكچوونی باری ژیانی ئینسانی تێكچوونی سروشتیشی له‌گه‌ڵە. نه‌بینینی كه‌رامه‌ت و ئازادی وپارێزگاری له‌ ئینسان نه‌بینین و پارێزگاری ژینگه‌شی به‌داوه‌ هاتووه . له‌وانه‌یه ‌به‌شێك له‌پرسیاری ((بو پاراستنی سروشت ئه‌وه‌نده‌ گرینگه‌ و هوكار و مه‌ترسییه‌ كانی سه‌ر ژینگه‌ كامانه‌ن ؟))  خێرا له‌م وه‌ڵامانه‌ نزیكمان وه‌خات١- کێبەرکێی كارتێله‌ مه‌زنه‌كانی ئابووری٢  – شه‌ ر و ملململانێ هه میشه‌ییه‌كانی مروڤ ٣- مه‌سره‌فگه‌رایی و ….  كه‌ ئه‌توانێ هه موویان راست بن، به‌ڵام سه‌ره‌تانین. من پێم وایه هه نگاوی یه‌كه‌م بو تێگه‌یشتن و پارێزگاری لە ژینگە  له‌ په‌ڕینه‌وه‌یه‌ك ده‌ستپێبكات‌ ، ئه‌ویش په ڕینه‌وه‌ له‌م بابه‌ته‌یە ، ((پاراستنی ئینسان و خواسته‌كانی ئه‌و به‌ته‌نیا)) . دەرچوونەلەو فیکرە کانتیانەی کە سەروەرییەکی ڕەهای ئینسانی بەسەر سروشتدا بیردەکەنەوە.  شۆڕبوونە وە و تێگه‌ یشتن له‌م با به‌ ته‌ هه وڵی ئه‌ م نووسراوه‌ یه‌ .

گەر هه وڵدان بۆپاراستنی ژینگە هه وڵدان بێت بۆپاراستنی ئینسان،کەواتە بەبێ خۆشەویستی دیکەی گیانلەبەرانی ناو سرووشت خۆش ویستنی ئینسانیش ئەتوانێ تەنیا کایەکی زمانی بێت. تەنانەت مێژووی چەمکە ئەخلاقی ودینییەکانیش نەیانتوانی ئەو بەهایە بەپاراستن و کەرامەتی ئینسان بدەن کە ژینگە پارێزان هه وڵیانە بەسروشتی ببەخشن. کاتێک لە چەمکێکی ئەخلاقی یان دینی تێدەگەین کە سەرەتا لە چەمکی جیاوازی تێبگەین. جیاوازی کردنی نێوان ئینسانەکان. واتە هه ڵبژاردنی چاک وخراپ لە نێوان  مرۆڤەکان بە پێی پێوەری ئەوان . بەڵام ژینگە پارێز وەکیەکی لەنێوان ئینسان و سروشتدا رێکدەخاتەوە تا پاراستنی هه مووان لە پاراستنی یەکتردا گرێبدات کە ئەوەحەقیقەتی سروشتی بوونی ئینسانە. بەسەروەر زانینی مرۆڤ لە بەرامبەر سروشتدا واتە ناسروشتی کردنی خودی مرۆڤ. بان زەمینی کردنی، گەورە بینینێکی نەزانانە لەئاست ناسینی خۆی و سروشتدا. ئەمە بەمانای دەستهەڵگرتنی مرۆڤ نییە لە ژیانی ئینسانی خۆی ، بەڵکو خستنەدەرەوەی ژیانی نائینسانییە(٢) لە ژیانی سروشتی مرۆڤ لە پێناو پارێزگاری لە خۆی و ژینگەکەی. ئەمە بڕوای مرۆڤە کە بەبێ بوونی ئەو هیچ مانایەک بۆ ژیان و جیهان بەدی ناکرێت. ئایا بوونی ئینسانە بە دنیا مانا دەبەخشێت؟ . ئایائەم بڕوایە بۆ سروشتیش جێی باوەڕە؟. ئایا سرووشت بەبێ مرۆڤ بە هەموو گیانلەبەرانییەوە قابیلی مانا نییە؟ . ئایا بوونێکی رەهایان نییە؟. کێیە کە تەنیا مانا بەخشینی مرۆڤ بۆ دنیا بە ڕاست ئەزانێ جگە لە ئینسان؟. گەر بەم شێوەش بێت ئایائەو ڕاستییەی کە تەنیا بۆمرۆڤەکان جێی باوەڕە ئەتوانێ بەڵگەی هێرشکردنە سەر ژینگە بدات و هه موو تواناکانی تەنیابۆ خزمەتی خۆی پاوان بکات؟. لە کاتێکدا تەنیا ئەوەندەش نەزانیت کەهێرشکردنە سەر سروشت  هێرشکردنە  لە  سەر خۆی .  ئایا  ناحەقی  نییە ئینسانێک  وەک بوونەوەر ، کە تەنیا لەوەندە تێنەگات سووتانی سەوزاییەک سووتانی هەناسەکانی خۆیەتی بە (( اشرف مخلوقات)) بزانین؟.

سروشت هیچکات لەسەر کێشە مەنهەجییەکانی ئینسان بۆناسیینی خۆی و ژینگەکەی ناوێستێ . هەرئیستا هەزاران جۆری جیاجیا لەبوونەوەر و ڕووەکەکان لەناوچوون و هەزارانی دیکەش لەمەترسی فەوتانی هەمیشەیدان. بەڵام بەبێ گۆڕینی تێڕوانینەکانی مرۆڤ ، وەک سەرەکیترین و مەترسیدارترین دوژمنی سروشت، گۆڕینی شێوازە کرداریەکانیشی مەحاڵ ئەبێت. پێم وایە لە بابەتە هەنووکەیەکانی قابیلی گۆڕان یان پێداچوونەوە ، چەمکی خاوەنداری (( مالکیت )) بێت. ئەم بابەتە هەڵگری دوالیزمێکی    (( دوگانگی )) جێی سەرنجە. ئەو دوالیزمەش لەم سۆنگەوە دێت کاتێک مرۆڤ خۆی بەخاوەنی سروشت بزانێت یان بە پێچەوانەوە لە هەمان کاتدا خۆی بە بەرپرس و خاوەندار نەزانێت. کە ئەم دوو ڕەگەزە لە کرداری مرۆڤی ئەمرۆدا ئاشکرایە. لەلایەک گەر ئینسان خۆی بە خاوەنی رەهای سروشت بزانێ کەواتە هەموو مافی کەڵک وەرگرتن بە هەر شێوازێک خاوەندار بخوازێت بۆ ئەو ئەگەرێتەوە ، کە ئاکامەکانی لەسەر ژینگە ئاشکرایە. لە لای دووەمیشەوە ئەو بێ دەروەستی و نابەرپرسیاریەی کە دەبینین چۆن بەشێکی بەرچاوی ئینسانەکانی لە ئاست ژینگەدا گرتۆتەوە . وەک ئەوی ئەم گۆڕانانە هیچکات ئەوان نەگرێتەوە. گۆرینی چەمکی خاوەندارییەتی سەرەتا بەبینینی ژینگە وەک کیانێکی زیندووی خاوەن ماف بۆ ژیان و مان بەهۆی ڕەهایی بوونییەوە دەستپێدەکات  .  گۆی زەوی ئیمکان و دەرفەتی ژیانە. تایبەتمەندییەک کە زەوی لە هەموو هەسارەو دنیاناسراوەکانی دیکە جیا دەکاتەوە. تێکەڵ کردن و کارکردن بە لۆژیکی (( واجب الوجود)) لە ئاست سروشتدا خوێندنەومان خاڵی ئەکاتەوە لەوەڵامێکی عەقڵی- عیلمی لە ئاست لەناوچوونی(( انقراض)) ئەو هەموو گیانلەبەر و ڕووەکانەی کە ڕەگەزیان بۆ هەمیشە لە دەرفەتی بوون  (( ممکن الوجود )) خاڵی بۆتەوە. تێگەیشتن لەو ڕاستییەی کە ئیمکان و دەرفەتی بوون  (( ممکن الوجود )) تەنیا بۆ ئینسان نییە ، ئەتوانێ تێگەیشتنیش بێت لەو ڕاستییەی کە ستاندنەوەی ئەم دەرفەتە لە سروشت ئێمە ، دەرفەتی ژیانی ئینسانیش دەگرێت. کۆی ئەم تێگەیشتنانە دواجار دەمانباتە سەر ئەو ڕایەی کە دەرفەتی بوون و ژیان بۆ ئێمە و     دواڕۆژییەکانمان ، لە ناو مانەوە و دەرفەتی بوون وژیانی ژینگە لەم کەونە تایبەتەی کە ناوی زەوییە دەستەبەر دەبێت.

عەزیز نەویدی

 ١– سروشت و ژینگە  دوو تاریفی جیاوازیان هەیە . لەم نوسراوەدا  جیاوازییەکان مەبەست نین ، بەڵکو ڕوانگەی ئینسان بۆ دەرەوەی خۆی بە گیاندار و بێ گیانەوە دەکەوێتە بەر خوێندنەوە.

٢ – لێرەدا گەر ئینسان وەک بەشێک لە سرووشت سەیربکرێت کەواتە هەر کردەوەیەکی دژی سروشت و ژینگە بە ناسروشتی یان نائینسانی لەقەڵەم ئە دین.

 

نووسەر پێنج شه‌ممه‌ 27 تشرینی یه‌كه‌م 2016 3,455 بازدید
هاوپۆلی : گوڤاری ژینگە ژمارەی یەک
http://www.pajin.org/ku//?p=6159

ئه‌رشیفه‌کان

هاوپۆله‌كان