انجمن مردمی پاریزەرانی ژینگه ی بانه – (پاژین )تاسیس 1378

پاژین

انجمن مردمی پاریزەرانی ژینگه ی بانه – (پاژین )تاسیس 1378

ئاگادار و پاڕێزەری ژینگە بین!

پاژین_لە_ناو_گوندەکان بۆ_بەسەر_کردنەوەی_گوندنشینان

 

         لە درێژەی کار و چالاکی و سەردانی پاژین بۆ گوندەکان و بەسەر کردنەوەی خەڵکی گوند نشینی ناوچەی بانە، سێ شەممە شەو ڕێکەوتی ۱٤ی بەفرانباری ۹٥ی هەتاوی، دەستەیێک لە ئەندامانی پاژین سەردانی گوندی سوێروێی سەر بە شاری بانەیان کرد کە لە لایەن جەماوەری ئەو گوندەوە پێشوازیێکی گەرمیان لێکرا، پاشان لە مزگەوتی ئەو گوندە کۆبوونەوەیێکیان لەگەڵ خەڵکی ئەو گوندە ساز کرد.

   سەرەتا مامۆستای ئایینی و وتار خوێنی گوندی سوێروێ بەخێر هاتنی بەشدار بووانی ئەو کۆڕەی کرد و لە چەند وتەیێکدا باسی پێویستی پاراستنی ژینگەی کرد و ڕایگەیاند کە خوای مەزن لە قورئانی پیرۆزدا بە گرینگی باسی لە ژینگە و پاراستنی ژینگە کردووە و ئەرکی هەموو کەسێکە کەژینگەکەی بپارێزێت. پاشان کاک “ڕەحمان سلێمانی” ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی باسێکی لەسەر پاژین و چۆنیەتی کار و چالاکییەکانی پاژین پێشکەش بە ئامادە بووان کرد و جەختیان لەسەر ئەوە کرد کە خۆشەویستی بۆ ژینگەی نیشتمانە کە ئێمەی لە چوارچێوەی پاژین کۆ کردووەتەوە و دەست لە ناو دەستی یەک کار ئەکەین بۆ پاراستنی ژینگە. دوابەدوای وتەکانی کاک ڕەحمان سلێمانی کار و چالاکییەکانی کۆمیتە جیاوازەکانی پاژین بە پاوێر پۆینت بۆ ئامەدەبووان نمایش کرا، کە لە لایەن خاتوو “یارا محەممەدی” ئامادە کرابوو. پاشان “فواد حەسەنی ساوان” ئەندامی دەستەی بەڕێوبەرایەتی پاژین و وتەبێژی ئەو ڕێکخراوەیە چەند وتەیێکی پێشکەش کرد و لە سەرتادا سپاس و پێزانی پێشکەش بە خەڵکی گوندی سوێروێ کرد سەبارەت بە پێکهێنانی ئەو کۆڕە و ئاماژەی بەوە کرد کە باس و پرسی ژینگە گرێ دراو بە لایەن یا کەسانێکی تایبەتەوە نییە و ژینگە هی هەمووانە و ئەبێ هەموو چین و توێژەکانی تریش خۆیان لە هەمبەر پرسەکانی سەبارەت بە ژینگە بە بەرپرس بزانن. هەر وەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەبێ ئاستی زانیاری خەڵک ببەینە سەر تا زیاتر خەم لە خاک و نیشتمان بخۆن و نەهێڵێن لەوە زیاتر خەسار بەر جەستەی نیشتمان بکەوێت، هەروەها باسی لەوە کرد کە گەورەترین پشتیوانی چالاکانی مەدەنی خەڵکی کۆمەڵگاکەمانن و وشیار بن کە بە قسەی هەندێ کەسی نەیار پشت لە چالاکانی مەدنی نەکەن و بە قسە و قسەڵۆک نەیانشکێنن. هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کرد کە مامۆستایانی ئایینی لەو ڕێیەیا زیاتر هاوکاریان بن و لە وتارەکانیان زیاتر جەخت لەسەر پاراستنی ژینگە بکەنەوە تا خەڵکەکەمان زیاتر وشیار ببنەوە. هەروەها ئاواتی خواست کە ئەم کۆبوونەوە دەستپێکێک بێت بۆ کردنەوەی لقی پاژین لە گوندی سوێروێ بۆ زیاتر پتەو کردنی پێوەندیەکان و بەڕێوە بردنی چالاکی و کاری ژینگەیی.

   دواتر کاک “حامید ئەسراری” ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی پاژین باسێکی گرینگی لەسەر وقەیرانی ئاو و لێدانی لە ڕادەبەدەری بەنداو لە کوردستان و خەسارەکانی پێشکەش بە ئامادە بووان کرد و داوای لە خەڵک کرد کە لە ئاست کاولکاریەکانی ژینگە کە بە هۆی لێدانی لە ڕادەبەدەری بەنداو پێک دێت بێ دەنگ نەبن و ئاماژەشی بەوە کرد کە ناوچەی ئێمە هەڵگری ئەو ڕادە زۆرەی بەنداو نییە و تەنانەت ئاوی ئەو بەنداوانەش بۆ ئاوەدانی کوردستان بە کار ناهێنن و هیوای خواست چیدی ڕێگە نەو کاولکاریانە نەدەین.

پاشان لە لایەن خەڵکی سوێروێوە چەند پرسیار ئاراستەی پاژین کرا کە لە لایان ئەندامانی پاژینەوە وڵام درایەوە.

        دوای گرتنی وێنەی بە کۆمەڵ کۆتایی بە کۆڕەکە هات.

نووسەر چوار شه‌ممه‌ 4 كانونی دووه‌م 2017 1,418 بازدید
هاوپۆلی : هەواڵ
http://www.pajin.org/ku//?p=6252

ئه‌رشیفه‌کان

هاوپۆله‌كان